امروز : سه شنبه29 اسفند 1402 | 8رمضان 1445 | 19 مارس 2024

ناوەندی خێرخوازی هیوای ژیان

پشتیوانی منداڵانی هەتیو و خێزانگەلی هەژاری راستەقینەیە
خوایە
گوڵی ئەوین لە سینەمدا بڕوێنە
هەتا ناسکی ئەو گوڵە
وەک دیاریەک
پێشکەش بکەم بە بەندەکانت.

چاوخشاندنێک بە ناوەندەکەدا
ناوەندی خێرخوازی هیوای ژیان وەک یەکێک لە ناوەندە پێشەنگەکان لە بواری پێشکەش‌کردنی خزمەتگوزایە خێرخوازیەکان لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاویدا لە لایەن "سازمانی بیهزیستی ئوستانی کوردستان"ەوە مۆڵەتی فەرمی ئیش‌کردنی پێ‌درا و هەنووکە زیاتر لە ٢٥٠ هەتیو، ٨٦ خێزانی هەژار و ١٠٨ خێزانی پیر و پەککەوتە یارمەتیە دراوی و نادراویەکانی ئەم ناوەندەیان پێ‌دەگات. رەوتی گەشەکردنی خزمەتگوزاری و چالاکیەکانی ئەم ناوەندە لە ماوەی کورتی دامەزراندنیەوە، نیشانەی هاوکاری و پشتیوانی زیاد لە سەدان خێرۆمەندی دڵسۆزە (پزیشکان، ئەندازیاران، مامۆستایانی زانکۆ و قوتابخانە، بازاڕیان، قوتابیانی زانکۆ و قوتابخانە، ئافرەتانی ماڵدار و ....) کە بەردەوام و مانگانە، یارمەتیە دراوی و نادراویەکانی خۆیان پێشکەش کردووە. لە ئێستادا زیاد لە ٥٠ ئەندامی هۆگر و پسپۆڕی خۆبەخش لە بەشەکانی دەسگرۆیی، وەرگرتنی یارمەتیەکان، فێرکاری، رەخساندنی هەلی کار، پشتیوانی کردن، چاک‌کردنی چۆنێتی، تەکنەلۆژیای زانیاریەکان و راگەیاندن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکاندا چالاکن؛ هەتا بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتی یارمەتی‌خوازان لە هەموو بوارەکاندا تێ‌بکۆشن. لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا ناوەندەکەمان پاش ساڵێک تێکۆشانی بەردەوامی ئەندامان، توانی بۆ یەکەمجار لە رۆژئاوای وڵاتدا بڕوانامەی بەڕێوەبەرێتی چۆنێتی (گواهینامەی مدیریت کیفیت) ISO9001:2008 لە دامەزراوەی نێونەتەوەیی IEC  بەریتانیا (ئینگلستان) وەربگرێت.

بوارگەلی چالاکی و خزمەتگوزاریەکانی ناوەندەکە
ناوەندی خێرخوازی هیوای ژیان لە رێگەی ئەو یارمەتی و دیاریانەوە کە خێرۆمەندە خۆبەخشەکان پێشکەشی ئەکەن، پێداویستیەکانی نەداران ئامادە ئەکەن، بۆیە لە رێگەی لێهاتوویەکانی ئێوەی ئازیزەوە ناوەندەکەمان ئەتوانێت بە پێی نیازەکانی کۆمەڵگا رۆڵی خۆی بگێڕێت. کەواتە ئێوەی خۆبەخشی ئازیزمان ئەتوانن بە پێی حەز و لێوەشاوەیی خۆتان لە رێگەی هەڵبژاردنی یەک یان چەند بەش لە خزمەتگوزاری و چالاکیەکانی خوارەوە جۆری هاوبەشی و هاوکاری خۆتان لە فۆرمی هاوکاری لەگەڵ ئەم ناوەدەدا دیاری بکەن.

بەشی دەسگرۆیی
پێناسە: وەرگرتنی یارمەتی‌خوازان (کەسانی دەسکورت و نەدار)، بە شێوەیەک کە رێز و حورمەتیان پارێزراو بێت، بۆ چاودێری کردنیان لە قۆناغەکانی دواتردا.
روونکردنەوەی چالاکیەکانی بەشی دەسگرۆیی
١. دیاری‌کردنی خێزانە دەسکورتەکان و پەیوەندی کردن لەگەڵیاندا بۆ راکێشانی متمانەی ئەو ئازیزانە.
٢. پێشکەش‌کردنی راپۆرت سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزانە دەسکورتەکان بۆ دابین‌کردنی پێداویستیەکانیان.
٣. هەوڵدان بۆ خەسارناسی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خێزانە دەسکورتەکان.
٤. هەوڵدان بۆ پاراستنی حورمەت و بەها مرۆییەکانی خێزانە دەسکورتەکان لە رێگەی پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندی و بارودۆخیانەوە.
٥. دیاری‌کردنی بەهرە و لێهاتووییە شاراوەکانی خێزانە دەسکورتەکان و ناساندنیان بە بەشی کاردۆزینەوە و فێرکاری.
 
بەشی کار دۆزینەوە
پێناسە: هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کار بۆ هەژارانی سەر بە ناوەندەکە و هێنانە ئارای فەرهەنگی سەربەخۆ بوون.
روونکردنەوەی چالاکیەکانی بەشی کاردۆزینەوە
١. ناسین و هەڵبژاردنی ئەندامانی بێکار و دروست‌کردنی بانکی داتا.
٢. ناساندنی کەسانی بێکار بۆ فێربوونی پسپۆڕیەکانی "فەننی-حیرفەیی".
٣. ناساندنی کەسانی فێربوو بە ناوەندگەلی تایبەت بۆ دامەزراندن.
٤. ناساندنی کەسانی فێربوو بۆ وەرگرتنی یارمەتی دراوی بە مەبەستی دەست‌بەکاربوون.
٥. دۆزینەوەی ناوەندگەلی دۆزەرەوەی کار بۆ کەسانی هەژار و دەسکورت.
٦. چاودێری کردنی رۆحی و دراوی کەسانی دامەزراو بە مەبەستی درێژخایەن کردنی گیانی کارکردن تیایاندا.
٧. دۆزینەوەی کەسی پسپۆڕ لە بواری کاردۆزینەوەدا بە مەبەستی هاوکاری و فێرکردنی لێهاتووییەکانی کاری.
٨. هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کار بۆ خێزانە هەژارەکانی سەر بە ناوەندەکە.
٩. رەخساندنی بواری گونجاو بۆ پیشاندان و فرۆشتنی ئەو کاڵایانەی کە  خێزانە هەژارەکانی سەر بە ناوەندەکە بەرهەمیان هێناون.
١٠. راوێژکاری بۆ بردنە سەری ئاستی کاری کەسانی هەژاری سەر بە ناوەندەکە.
١١. هەوڵدان بۆ رۆشنبیرکردنی ئەندامان لە بوارگەلی وەک: خولی بەڕێوەبردنی دراوی، بردنەسەری ئاستی متمانەبەخۆبوون، بەدی‌هێنانی هاندەری دەروونی و بردنە سەری ئاستی عیززەتی نەفس لە خێزانەکاندا بەتایبەت لە لاواندا.
سەرەکی‌ترین چالاکی بەشی کار دۆزینەوە (پلانی ئابووری ورد)
پلانی دابین کردنی دراویی ورد یان ئابووری ورد بریتیە لە دابین کردنی دراویی ئەندامان لە کۆمەڵگایەکی بچووک و پێکەوە گرێدراودا لە رێگەی ئەندامان خۆیانەوە و بردنە سەری ئاستی گوزەرانی ئەندامانی دەسکورت و تا رادەیەک ناوەندی کۆمەڵگا. خاڵێکی گرنگی پلانی دابین کردنی دراویی ورد، پێویستی جێگیر کردنی شێوازە زانستی و سیستماتیکەکان لە چالاکیە کۆمەڵایەتیەکاندایە کە لە چاو شێوازە باو و نەریتیەکاندا دەرەنجام و کارتێکردن و مسۆگەربوونی زۆر زیاترە. یەکێک لە تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی پلانی دابین کردنی دراویی ورد توانای سوودوەرگرتن لە قەرز و ئاسانکاریەکانی بانکەکانە کە بایەخدارترین ناوەندی دراوی وڵاتن.
لە رێگەی جێبەجێ‌کردنی پلانی دابین کردنی دراویی وردەوە گرووپە هاوکارە دروست‌بووەکان تایبەتمەندیگەلێکی وەک ئەمانەی خوارەوەیان ئەبێت:
١. گرووپی هاوکاری بچووک (باشترین ژمارەی ئەم گروپانە ٥ تا ١٠ کەسە)،  کە ئەندامان خۆیان ئەتوانن بەڕێوەی بەرن.
٢. گرووپی دروست‌بوو وەک دامەزراوەیەکی ناوەندی دراوی کە لە چوارچێوەی ناوچەییدا هەڵسوکەوت ئەکات.
٣. گرووپی هاوکار خاوەنی روانگەیەکی مامناوەندیە کە هەوڵدان بۆ بەدەست‌هێنانی وەک عەمبارێکی وزەیە بۆ گەشەکردن و پەرەسەندنی گرووپ و پاراستنی بەرگریەکەی.
٤. گرووپی هاوکار لە خۆیدا گرووپگەلێکی هاوکار و قەرزوەرگر و درێژخایەنن کە لەسەر بنەمای وزەی مرۆیی و سەرچاوەگەلی ئەندامانی خۆی بەدی دێت و بەڕێوەدەبرێت.
٥. تەبایی لە نێوان ئەنداماندا توخمی سەرەکی بەردەوام‌بوونی گرووپەکەیە.
٦. ئاراستەی ئەم پلانە، لەسەر بانکداری پەیوەندی لە رێگەی گرووپە هاوکارەکان و گرووپە پەیوەستەکان دامەزراوە کە پێشتر لە لایەنی بانکی کیشاوەرزیەوە، کە دامەزراوەیەکی متمانەپێکراو و بەهێزی دراویە، ئەنجام دراوە.

بەشی پشتیوانی فێرکاری
پێناسە: پشتیوانی‌کردنی فێرکاری و پەروەردەیی لە قوتابیانی قوتابخانە و زانکۆی خێزانەکانی سەر بە ناوەندەکە.
قوتابی: ئەو کەسانە یان منداڵانی ئەو خێزانانەن کە سەر بە ناوەندەکەن و لە قوتابخانەی میریدا خەریکی خوێندنن.
قوتابی زانکۆ: ئەو کەسانە یان منداڵانی ئەو خێزانانەن کە سەر بە ناوەندەکەن و لە زانکۆکاندا خەریکی خوێندنن.
روونکردنەوەی چالاکیەکانی ئەم بەشە
١. پڕکردنەوەی فۆرمی ناوی قوتابیانی خێزانە دەسکورتەکان، کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی پێویستی خوێندن (وەک بەڵگەی خەریک بوون بە خوێندنەوە، کارتی ئەنجامی خوێندنی ساڵانی پێشوو  و ...)
٢. ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر بارودۆخی خوێندنی قوتابیانی قوتابخانە و زانکۆ لە رێگەی پەیوەندی کردن بە بنەماڵەی قوتابیانەوە و سەردانی قوتابی لە دەفتەری ناوەندەکە.
٣. ئەگەر نیازمەند بوونی قوتابی بە یارمەتی پشت‌ڕاست بکرێتەوە؛ لە رێگەی یەکێک یان چەند بەش لەمانەی خوارەوە یارمەتی دەدرێت:
ا) دانانی وانەی بەهێزکردن و تایبەت. ب) دانانی وانەی کونکوور لەو دامەزراوانەدا کە پەیوەندیان بە ناوەندەکەوە هەیە. ج) دانانی وانەی زمانی ئینگلیزی لەو دامەزراوانەدا کە پەیوەندیان بە ناوەندەکەوە هەیە.
٤. بەخشینی خەڵات بەو قوتابیە سەرکەوتووانەی سەر بە ناوەندەکە کە بەڵگەنامەی پێویست دەخەنە روو.
٥. بەشداری کردن لەو گەشت و سەیرانەدا کە ناوەندەکە بەڕێوەی ئەبات.

بەشی چاودێری پزیشکی
خێزانەکانی سەر بە ناوەندەکە لە کاتی تووش بوون بە هەر جۆرە نەخۆشینێکی جەستەیی و رۆحی و درێژخایەن و مەترسیدار سەر لە بەشی پزیشکی دەفتەری ناوەندەکە دەدەن و دەنێردرێن بۆ لای پزیشکی گشتی هاوکاری ناوەندەکە و ئەگەر نەخۆشینەکەی پشت‌ڕاست کردەوە نەخۆشەکە بە پزیشکانی پسپۆڕ یان ناوەند و بنکە پزیشکیەکانی هاوکار لەگەڵ ناوەندەکەدا دەناسێنێت هەتا بە خۆڕایی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت و ئەگەر نەخۆش توانای کڕینی دەرمانی نەبوو لە رێگەی ناوەندەکەوە دەناسێنرێت بە دەرمانخانەگەلی هاوکار و تا ئاستێکی دیاری کراو دەرمانی بە خۆڕایی یان نیوەقیمەت دەدرێتێ.
ئەگەر ئەو کەسەی سەر لە دەفتەری ناوەندەکە دەدات پێویستی بە پزیشکی دەروونی یان راوێژکاری کۆمەڵایەتی بێت بە لایەنی پەیوەندیدار دەناسێنرێن هەتا راوێژکاری کۆمەڵایەتی یان کرداری پێویستی تریان بۆ بکرێت.

بەشی پشتیوانی
پێناسە: بەشی پشتیوانی ئەم بوارانەی خوارەوە دەگرێتەوە: بەشی کارگێڕی و دراوی، عەمبار، کڕین، ژێرخانەکان، هەڵگرتن و گواستنەوەی کاڵا. چالاکیەکانی سەر بە هەرکام لەو بەشانە لە دەفتەری ناوەندەکەدا بە شێوەی دوو شیفت لە رۆژدا ئەنجام دەدرێت.
روونکردنەوەی چالاکیەکانی بەشی پشتیوانی
١. هەوڵدان بۆ دابین کردنی بەرژەوەندیەکانی کارگێڕانی سەر بە هەرکام لە بەشەکان.
٢. لێپرسراویی نامەنووسینی کارگێڕی، ئەنجام دانی هەموو کاروبارێکی پەیوەست بە بیمەی کارگێڕان و تۆمارکردنی سکاڵای کڕیاران و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی سیستمی بەڕێوەبردنی چۆنیەتی.
٣. تۆمارکردنی هەموو بەخشینە دراویەکان بە ئەندامان و خێزانە دەسکورتەکان.
٤. ئامادەکردن و پێشکەشکردنی لێکدانەوەی دراوی لە کۆتایی ساڵی دراویدا.
٥. تۆمارکردنی داتای کڕین لە کامپیوتێری ناوەندەکەدا.
٦. وەرگرتنی کاڵای بەخشراو لە لایەن کەسانی خێرۆمەندەوە و تۆمارکردنی لە کامپیوتێر و دابەشکردنی بەسەر ئەندامانی دەسکورتدا.
٧. وەرگرتنی ناونیشانی وردی کاڵاگەلی بەخشراو لە لایەن کەسانی خێرۆمەندەوە و دۆزینەوەی بارودۆخی گونجاو بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی بۆ ماڵی ئەندامانی دەسکورت.
٨. دۆزینەوەی بارودۆخی گونجاو بۆ بردنەسەری ئاستی هەڵکردن و باش سوودوەرگرتن لە کەلوپەل و ئامرازگەلی ناوەندەکە.
٩. لەبەرچاو گرتنی بنەمای دروستی چاک کردنەوە و پاراستن.

بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری (IT)
بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری یەکێکە لە بایەخدارترین بەشەکانی ناوەندەکە و پەیوەندیەکی پتەو ئەم بەشە بە بەشەکانی تری ناوەندەکەوە دەبەستێتەوە. چالاکیەکانی ئەم بەشە چوار بوار دەگرێتەوە:
بواری راگەیاندن: هەموو چالاکیەکانی راگەیاندنی ناوەندەکە دەگرێتەوە لە بەرنامە دانانەوە بگرە تا چاپ و بەرهەمهێنانی بیرۆکە لە هەموو بوارەکانی راگەیاندندا.
بواری بەڕێوەبردن: بەشداری کردن لە دانیشتنەکانی پەیوەندیداردا و خستنە رووی رێگەچارە و بینینی رۆڵی سەرەکی لە پرۆسەگەلی بەڕێوەبردندا، ئامادەکردنی راپۆرتی کارکردی ناوەندەکە و ....
بواری هاردوەیر و سۆفتوەیر: پشکنین و چارەسەرکردنی تەواوی گیروگرفتی هاردوەیری و سۆفتوەیری، پەرەپێدانی بەستێنی هاردوەیری و سۆفتوەیری ناوەندەکە.
بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و بانکداری ئەلکترۆنیک: دامەزراندنی هێڵی خێرای ئینتێرنێت، بەخشین لە رێگەی ئینتێرنێتەوە و دانانی لە ماڵپەڕی ناوەندەکەدا، دانانی ئامێری کارتناس بۆ بەخشینی خێرا، نوێ کردنەوەی ماڵپەڕی ناوەندەکە.

بەشی چاککردنی چۆنیەتی
بەشی چاککردنی چۆنیەتی لە ناوەندی خێرخوازی هیوای ژیاندا بە مەبەستی دامەزراندنی سیستمی بەڕیوەبردنی چۆنیەتی بنیات نرا کە یەکێک لە بوارەکانی ئەم سیستمە ستانداردی ئیزۆیە، لە ئێستادا پێویستی زۆربەی رێکخراوەکان بەم ستانداردە زۆر جێگەی تێڕامانە و بە واتایەکی دیکە یەکێک لە دیاردەکانی ستاندارد کردنی  شێوازی بەڕێوەبردنی چۆنیەتی رێکخراوەکان لەسەر ئاستی جیهاندایە. کە بە شێوەیەکی گشتی بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوەدا دەناسرێتەوە:
١- کۆمەڵەیەک لە رەوتەکان کە قۆناغگەلی هەرەپێویستی کار و مامەڵە دەگرێتەوە. ٢- کونترۆڵ و چاک‌کردنی رەوتەکان بە مەبەستی کارا بوونیان. ٣- تۆمارکردنی زانیاری پێویست. ٤- کونترۆڵ‌کردنی دەرهاویشتە خەوشدارەکان و گرتنەبەری بڕیار و ئەنجام دانی کرداری گونجاو بۆ چاککردنیان. ٥- لێکۆڵینەوەگەلی ئاسایی بۆ دڵنیا بوون لە  دروست بوونی رەوتە بێوێنەکان و سیستمی بەڕێوەبەرێتی چۆنیەتی. ٦- چاک کردنی بەردەوامی رەوت و بەرهەمەکان.
هەر کۆمپانیا و دامەزراوەیەک کە لە رێگەی پشکنینی سەربەخۆ و متمانەپێکراوەوە هەلومەرجی دروستی بەڕێوەبەرێتی چۆنیەتی تێدا بێت ئەتوانێت بڕوانامەی ئەم ستانداردە وەرگرێت، کە بە خۆشحاڵیەوە ناوەندی خێرخوازی هیوای ژیان لە کۆتایی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا توانی ئەم بڕوانامەیە وەرگرێت.

بەشی سەرچاوە مرۆییەکان
رۆڵی سەرچاوەی مرۆیی و بایەخی بەردەوامی لە پەرەسەندندا لە هیچ کەس شاراوە نیە، لە بارودۆخی تیژڕەوت و پڕ لە رکەبەری جیهانی ئەمڕۆدا ئەوەی کە دەبێتە هۆی سەرکەوتن لە بواری رکەبەرێتی رێکخراوەکاندا، سەرچاوەی مرۆیی پوخت و داهێنەر و چالاکە، هەر بۆیە بەشی سەرچاوە مرۆییەکانی ناوەندی خێرخوازی هیوای ژیان بە مەبەستی گشتی بەدەستهێنانی ئەنجامگەلی شیاو لە هەوڵە بەکۆمەڵەکانی کارگێڕانی، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەگرێتە بەر:
١. دابین کردنی سەرچاوەی مرۆیی بە کەمترین خەرج. ٢. پەروەردەکردن و پەرەپێدانی بەهرە و لێهاتوویی کارگێڕان. ٣. پاراستن و گلدانەوەی کەسانی شایستە و بەدیهێنانی پەیوەندی شیاو لە نێوانیاندا. ٤. دابین کردنی نیازە رۆحیەکان و بەدەستهێنانی رەزامەندی کارگێڕان بە شیوەیەک کە ئامانجە تایبەتیەکانی ئەوان و ئامانجەکانی ناوەندەکە هاوئاراستە بکرێت.

بەشی وەرگرتنی یارمەتیەکانی خەڵک
پێناسە: ئەم بەشە لە بواری دەستنیشان کردنی خێرۆمەندان و وەرگرتنی یارمەتیە دراوی و نادراویەکانیان بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی هەژاران و خێرخوازان تیدەکۆشێت. کەسانی ئەندام لەم بەشەدا لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت مامۆستایانی قوتابخانە دواناوەندیەکان و کەسانی هۆگری تر پێک دێت کە بە شێوەیەکی خۆبەخش لە پێناوی هێنانە دی ئامانجەکانی ناوەندەکەدا بەم شێوەیەی خوارەوە تێدەکۆشن:
١. دەستنیشان کردنی ئەو خێرۆمەندانەی حەز بە هاوکاری لەگەڵ ناوەندەکەدا دەکەن. ٢. پڕکردنەوەی فۆرمی هاوبەشی بۆیان. ٣. دیاری کردنی کۆدێک بۆ کەسی خێرۆمەند و تۆمارکردنی لە کامپیوتێردا. ٤. وەرگرتنی یارمەتی خێرۆمەندان لە بەرامبەر پێدانی پسووڵەی تایبەتدا. ٥. تێڕشتنی پارەی کۆکراوە بۆ ناو ژمارە حیسابی ناوەندەکە و بێ حیساب بوون.

شێوازگەلی وەرگرتنی یارمەتیەکان
١. سەردانی کەسی خێرۆمەند لە ناوەندەکە و بەخشینی یارمەتیەکەی بە دەفتەری ناوەندەکە لە بەرامبەر پێدانی پسووڵەی تایبەتدا.
                          ---------------------------------------------------------------------------
٢. سەردانی کارگێڕانی ناوەندەکە لە کەسی خێرۆمەند و وەرگرتنی پارە و یارمەتیە نادراویەکانی لە بەرامبەر پێدانی پسووڵەی تایبەتدا.
                          --------------------------------------------------------------------------
٣. تێڕشتنی پارە بۆ ناو ژمارە حیسابی ناوەندەکە لە لایەن خێرۆمەندانی بەڕێزەوە و ئەگەر بۆیان گونجا سپاردنی پسووڵەکەی بە دەفتەری ناوەندەکە.
                        ----------------------------------------------------------------------------
٤. هەڵگرتنی بەشێکی دیاریکراو لە پسووڵەی مانگانەی فەرمانبەرانی میری.
                        ---------------------------------------------------------------------------
٥. تێڕشتنی ئەلکترۆنیکی (ئینتێرنێتی) بۆ ناو ژمارە حیسابی ناوەندەکە.
                       ---------------------------------------------------------------------------
٦. بەخشینی یارمەتی لە رێگەی دەغیلە و سنووقی پلاستیکی، شووشەیی، MDF ەوە لە ناوماڵ یان لە شوێنە گشتیەکاندا.

چۆن ئەتوانین هاوکاری ناوەندەکە بکەین لە بەخشیندا؟
# سەرەڕای هاوبەشی کردنی دراوی، ئەتوانن لە رێگەی بەخشینی جلوبەرگ و کەلوپەلی ناوماڵ و هەر شتێک کە گیروگرفت و کێشەی خێزانێکی دەسکورت چارەسەر بکات هاوکاریمان بکەن.
# بەشداری کردن لە پلانی دەغیلە و سنووقدا لە رێگەی وەرگرتن و دانانی لە ناوماڵ یان لە شوێنی ئیش و کاردا.
# پێشکەشکردنی بیرۆکەی نوێ لە هەر بوارێکی کاری ناوەندەکەدا.
# لە رێگەی تەلەفوون کردنێک بۆ دەفتەری ناوەندەکەوە، یارمەتیەکانتان لە شوێنی خۆتاندا وەردەگیرێت.

* هەر جۆرە رەخنە و پێشنیارێکتان هەیە دەتوانن دەفتەری ناوەندەکە یان بەڕێوەبەرانی هەر بەشێکی لێ ئاگادار بکەنەوە.
* ئەندامانی ناوەندەکە تەنیا لە رێگەی پیشاندانی پێناسەی تایبەتی ناوەندەکەوە یارمەتیەکانتان وەردەگرن، ئەگەر جگە لەم حاڵەتەتان بینی تکایە خێرا دەفتەری ناوەندەکەی لێ ئاگادار بکەنەوە.
* ئەگەر حەز بە هاوکاری لەگەڵ هەرکام لەو بەشانەی سەرەوە دەکەن، یان حەز بە هاوکاری (دراوی و نادراوی) ناوەندەکە دەکەن، فۆرمی هاوکاری کردنی ناوەندی خێرخوازی هیوای ژیان پڕ بکەنەوە و بیگەیەنن بە دەفتەری ناوەندەکە. (فۆرمی هاوکاری لە کۆتایی برۆشۆرەکەدایە)

ئایا دەزانیت؟
بیمە و دابین کردن پاش روودانی کارەسات یارمەتیتان دەدەن بەڵام بەخشین و دەسگرۆیی پێش کارەسات دەکەون؟
بیمە و دابین کردن تەنیا ماڵ و لەشتان دەگرنەوە بەڵام بەخشین و دەسگرۆیی لەش و گیانتان؟
بیمە و دابین کردن تەنیا ئەم دونیاتان بۆ مسۆگەر دەکەن بەڵام بەخشین و دەسگرۆیی دونیا و پاشەڕۆژیش؟

کەواتە وەرن با لە رێگەی بەخشینی مانگانەی برێک پارەوە (هەرچی لە تواناماندایە)
خۆمان لە دونیا و پاشەڕۆژدا بیمە بکەین.

رێگەگەلی پەیوەندی کردنتان بە ناوەندەکەوە:
ژمارە تەلەفوون:
# ٠٩١٨٣٨٠٧٤٥٣ رەحیم سەییدزادە بەڕێوەبەر
# ٠٨٧١٣٢٣٠٢٣٣ دەفتەری ناوەندەکە
# ٠٩١٨٨٧١٩٥٦٥ بەڕێوەبەری بەشی وەرگرتنی یارمەتیەکان: عابدین فەلاحەتکار
ماڵپەڕی ناوەندەکە: http://www.hiway-zheyan.com
ژمارە حیسابەکانی ناوەندەکە
# سیبا بانکی میللی: ٠١٠٥٣٠١٤٩٤٠٠٢
# بانکی سامان: ١١٨١١٨٠
# بانکی پاسارگاد: ١١٠١٠٠١٠١٦٣١
# بانکی پارسیان: ٢١٠٠٠٠٦١٦٧٠٠٢

ناونیشانی ناوەندەکە: سنە، مەیدان(فولکە)ی دایک، کۆڵانی عەبدوڵڵای حسەینی، مزگەوتی ئاغە حەیبەڵڵای سنەیی، ناوەندی خێرخوازی هیوای ژیان.

ئەگەر قەرزێکی جوان بدەن بە خودا بە چەند قات پاداشتان دەداتەوە و لێشتان دەبوورێت. سوورەتی تەغابون - ١٧


0

نماد اعتماد الکترونیکی

Telegram 1